Login
Faruk Holding
Faruk Medical City
Zarya Construction Company
Hightech IQ Company
HOME
ABOUT US
subsidiaries
NEWS
CONTACT US
News
Mr. Faruk's Speech (Kurdish) - FMC Opening Ceremony
:خوشک و برایانی خۆشەویستم
سەرەتا ئەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم کە ئەمڕۆ ئێمە ئاهەنگ دەگێڕین بە بۆنەی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی جوان و نایاب کە هاوکاتە لەگەڵ تێکۆشانی گەلی کوردی نەبەرد لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفال کە دیکتاتۆرە گۆڕبەگۆڕەکەی عێراق صدام حسین ویستی بیکاتە هۆکارێک بۆ قڕکردنی گەلی کورد. لەم یادەدا هەزاران سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی شەهیدانی ئەنفال و سەربەرزی و شکۆمەندی بۆ گەلی کورد کە خۆ ڕاگر بوو بەرامبەر شاڵاوە دڕندەکانی دوژمنان و شۆڕشگێڕانە گەیشتە سەرەتای ئامانجە ڕەواکانی و گەلی عێراق کە برایەتی کورد و عەرەبیان پاراستووە و عێراقێکی فیدراڵیان بنیاتناوە.... هیوادارین کە هەموو لایەک هاوبەش بن لە دروستکردنی وڵاتێک لەسەر بنەمای ئابووری ڕاست و دروست لە سایەی حوکمێکی دیموکراتیدا.
:دەربارەی ئەم شارە پزیشکییە
بیرۆکەی دامەزراندنی شاری پزیشکی فاروق لەو هەستەمەوە سەرچاوەی گرت کە سلێمانی و کوردستان و عێراق پێویستیان بە دامەزراوەیەکی تەندروستی پێشکەوتوو هەیە کە بتوانێ ئەو بارە قورسەی سەر شانی هاوڵاتیان و نەخۆشەکانمان سووک بکات بەبێ ئەوەی ناچاربن بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی دەرەوەی عێراق بکەن و تا ڕزگاریان بێت لە کێشەو گرفتەکانی سەفەرو خەرجی و تێچوونە زۆرەکانی دەرەوەی وڵات... بەڵکو لە بەرامبەردا ئێمە هەستین بە دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لەم سەنتەرەدا و ئێمە باشترین پزیشکە پسپۆڕەکان لە وڵاتی ترەوە بهێنین وە لە پێشەوەیان ئەم پزیشکە بەڕێزانەی کە ئێستا لێرە ئامادەن لە گەڵمان تا خزمەتی خۆیان پێشکەش بکەن و بەمەش بازنەی ئەم پیشە مرۆڤایەتیەیان فراوانتر بکەن و هاوڵاتیان زیاتر سوودمەندبن لێی. ئامانجی من لە بنیاتنانی ئەم دەزگا گەورە بەرچاوە (صرح) بە هیچ جۆرێک ئامانجێکی قازانج ویست و بازرگانی نیە و هەر لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە هەموو قازانج و سوودی ئەم نەخۆشخانەیە لە داهاتوودا لە پەرەپێدان و کاری سیانە و دابینکردنی پێشکەوتوترین و تازەترین تەکنۆلۆژیا و دەستخستنی تازەترین لێکۆڵینەوە و داهێنانەکان دووبارە سەرف دەکرێتەوە.
لە کاتێکدا کە لە دڵەوە بەخێرهاتنی برای خۆشەویستم عەلی ئایدنلەر، سەرۆکی دەزگای ئاجیبادەم و هاوڕێکانی دەکەم کە بەشدارن لەم بۆنە گەورەیەدا، پێشی ڕادەگەیەنم کە من زۆر گەشبینم بە داهاتووی پەیوەندیەکانمان لە گەڵیدا بۆ بە ڕێوەبردنی شارە پزیشکەکەمان و هەروەها لە دروست کردن و بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەیەکی تر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە کە ئەکەوێتە بەرامبەر ئەم نەخۆشخانەیە و بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەغدا هەتا ببێتە گەورەترین سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لە سەرتاسەری عێراقدا. من پێشبینی ئەو پێشکەوتنە زانستیە ئەکەم کە لە جیهاندا ڕوودەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دوژمنە گەورەیە لە گەڵ تەواوکردنی دروستکردنی ئەم نەخۆشخانە تازەیە... لەوەش زیاتر من سەرسام بووم بەو زانکۆ پزیشکییەی ئاجیبادەم لە ئەستەنبوڵ و ئاواتەخوازم کە بتوانین زانکۆیەکی پزیشکی هاوشێوە لە سلێمانی دروست بکەین و بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە دروستکردنی شاری پزیشکی فاروقدا ئەم ئاواتەمان لە بەر چاو بووە وە منیش وەک هاوڕێکانم ئەزانن باوەڕم بە هێنانەدی ئاواتەکانم هەیە و گەشبینم کە پشت بە ئیرادەی خۆم و هاوکاری و خۆشەویستی یەک بە یەکی خێزانەکەم و هاوڕێکانم ببەستم بۆ خۆم و پرۆژە ئینسانیەکانم کە تەنها ئامانجم لێیان خزمەتکردنی گەل و وڵاتە. خۆشەویستانم، زۆر سوپاسی ئامادەبونتان دەکەم و سوپاستان دەکەم کە هاوبەشی ئەم شادییەی منن کە شادی دەسکەوتێکی گەورەیە. سوپاسی هاوڕێ خۆشەویستەکانم دەکەم کە هاوکارم بوون و پاڵپشتێکی مەعنەوی گرنگ بوون بۆم.
پێش ئەوەی کۆتایی بە وتارەکەم بهێنم ئەمەوێ هەر لەم بۆنەیەدا پێتان ڕابگەیەنم کە من هەنگاوی باشم ناوە لە کارکردن لە دامەزراندنی فاروق فاوندەیشن یان ڕێکخراوی خێرخوازی فاروق هەتا دەورێکی بەرچاو ببینێت لە چالاکییە خێرخوازیەکاندا لە پێناو سودو چاکەی ڕۆڵەکانی وڵاتەکەم لە بوارەکانی پەروەردەو فێرکردن و تەندروستی و خزمەتکردنی بە ساڵاچوان و هەروەها بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەر. دەستەیەکی پسپۆڕو کەسایەتی زانستی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم فاوندەیشنە دەبەن بەڕێوە و بودجە و حساباتەکەشی بە شێوەیەکی ئاشکراو شەفاف و لەسەر وێبسایتێک ئەخرێتە ڕوو و بودجەی سەرەتایی ئەم کارە لە لایەن خۆمەوە تەبەڕوع ئەکرێ و دواتر قازانجی یەکێک لە پرۆژە سەرکەوتوەکانم تەرخان دەکەم بۆ سندوقی ئەم ڕێکخراوە خێرخوازییە بە شێوەی ساڵانەو بە بەردەوامی.. وە هەر کاتێک ئەم پرۆژەیە هاتە دی ئەوکات دەرگا واڵایە بۆ کەس و لایەن و ڕێکخراوانەی کە حەزیان بەخێر و خۆشی و پێشکەوتنە تا ئەوانیش ببنە هاوبەش تیایدا و ببنە ئەندام لە دەستەی کارگێڕیدا. ئەوانەی خاوەن سەرمایەن بە پارەکانتان خزمەتی گەلەکەتان بکەن تا ناوتان بە نەمری بمێنێتەوە... وە ئەوانەی خاوەن زانست و شارەزایین ئێوەش بە بەشداربوون لە بوارەکانی خۆتاندا نەمری مسۆگەر بکەن چونکە لە قەبردا نە قاسە هەیەو نە حسابی بانک و تەوفیر! سوپاسی بێپایانم بۆ هاوسەری خۆشەویستم پەخشان موستەفا موفتی و بۆ منداڵە ئازیزەکانم زینۆ و زەریا و زرنگ و زەنوێر کە زۆر بە گەرم و گوڕی هانیاندام بۆ ئەم کارە و پەیمانیان داوە بە ڕێبازی مندا بڕۆن لە ژیاندا. هەروەها سوپاسی بێپایانم بۆ ئەو هاوڕێیانەی کە هانیاندام و ئەوانەشی خۆبەخشانە کار لەم پرۆژەیە دەکەن.